مۆزەخانەی سلێمانی

ڕۆژی جیهانی مۆزه‌خانه‌ 18-5-2017

ڕۆژی جیهانی مۆزه‌خانه‌ 18-5-2017

رۆژی ١٨ی ئایاری هه‌موو ساڵێك وه‌ك رۆژی جیهانیی مۆزه‌خانه‌ له‌جیهاندا ده‌ست نیشان كراوه‌، به‌و بۆنه‌یه‌شه‌وه‌ رۆژی 18/5/2017، وه‌ك رێزگرتنێك به‌رامبه‌ر هه‌وڵ‌و ماندووبوونیان له‌پای خزمه‌تیان به‌ مۆزه‌خانه‌كه‌، مۆزه‌خانه‌ی سلێمانی ژماره‌یه‌ك كه‌سایه‌تی‌و فه‌رمانبه‌ری مۆزه‌خانه‌كه‌ی خه‌ڵات كرد.

نازناوی فریادڕه‌سی مۆزه‌خانه‌
هاشم عه‌بدوڵڵا به‌ڕێوه‌به‌ری مۆزه‌خانه‌ی سلێمانی راگه‌یاند: له‌ رۆژی جیهانیی مۆزه‌خانه‌دا، مۆزه‌خانه‌ی سلێمانی ئه‌و كه‌سایه‌تییانه‌ خه‌ڵات ده‌كات كه‌ له‌ ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی مۆزه‌خانه‌ی سلێمانی، زانسته‌كانی شوێنه‌وارو خانووه‌ كه‌له‌پوورییه‌كاندا رۆڵی به‌رچاویان هه‌بووه‌. وتیشی: ئه‌مساڵ (ریلیفێك) پێشكه‌ش به‌ كه‌سایه‌تی عومه‌ر فه‌تاح كراوه‌، كه‌ له‌م بواره‌دا خه‌مخۆر بووه‌‌و نازناوی (فریادڕه‌سی) مۆزه‌خانه‌ی پێ به‌خشراوه‌.

پێشمه‌رگه‌‌و زانای شوێنه‌وار
به‌ڕێوه‌به‌ری مۆزه‌خانه‌ی سلێمانی ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: هه‌روه‌ها كه‌سایه‌تی به‌رزان قادر خه‌ڵوز یه‌كێكی دیكه‌یه‌ له‌و كه‌سایه‌تییانه‌ی خه‌مخۆری مۆزه‌خانه‌و به‌ڕێوه‌به‌رێتی شوێنه‌واری سلێمانی بووه‌و نازناوی (پێشمه‌رگه‌ی شوێنه‌وار)ی پێ به‌خشراوه‌، د. كۆزاد محه‌مه‌د-یش وه‌ك خۆبه‌خشێك به‌ زانست‌و زانیاری پشتگیری كردووین، بۆیه‌ نازناوی (زانای شوێنه‌وار)ی پێ به‌خشراوه‌. وتیشی: بێجگه‌ له‌و كه‌سایه‌تییانه‌، ژماره‌یه‌ك فه‌رمانبه‌ری مۆزه‌خانه‌كه‌ كه‌ ساڵانێكه‌ له‌مۆزه‌خانه‌كه‌دا كار ده‌كه‌ن‌و جێده‌ستیان دیاره‌، خه‌ڵات كراون.

٧٠ هه‌زار پارچه‌ی مێژوویی
هه‌ر له‌و باره‌یه‌وه‌ به‌رزان قادر خه‌ڵوز راگه‌یاند: ئه‌و خه‌ڵاته‌ی پێم به‌خشراوه‌، له‌پای ئه‌و كارو چالاكییانه‌م بووه‌، وه‌ك كۆكردنه‌وه‌ی پارچه‌ مێژووییه‌كان كه‌ پێشكه‌ش به‌ مۆزه‌خانه‌ی سلێمانیم كردوون، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كه‌سانی دیكه‌شم هانداوه‌ ئه‌و پارچانه‌ ببه‌خشن به‌ مۆزه‌خانه‌. وتیشی: له‌ ساڵی ١٩٩٣ وه‌ ده‌ستم به‌م كاره‌ كردووه‌، ئه‌و كاته‌ به‌رنامەی كه‌شكۆڵ-مان پێشكه‌ش ده‌كرد‌و له‌ ناو گۆڕێكدا كه‌لوپه‌لی مێژووییمان دۆزییه‌وه‌و گه‌ڕاندمنه‌وه‌ بۆ مۆزه‌خانه‌، دواتریش هه‌ڤاڵ مام جه‌لال زۆر هانی دام كه‌ كار بۆ مۆزه‌خانه‌ بكه‌م‌و له‌ ساڵی ١٩٩٤ ه‌وه‌ به‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمی كار له‌گه‌ڵ مۆزه‌خانه‌ی سلێمانیدا ده‌كه‌م، دواتر كاره‌كه‌ گه‌وره‌تر بوو و له‌ بردنه‌ ده‌ره‌وه‌ی پارچه‌ مێژووییه‌كان رێگریمان له‌ قاچاخچییه‌كان ده‌كرد، له‌و ساڵانه‌وه‌ تائێستا زیاتر له‌ ٧٠ هه‌زار پارچه‌ی مێژووییمان كۆكردۆته‌وه‌.

١٧ خانوو له‌ رووخاندن رزگار كراوه‌
روونیشیكرده‌وه‌: له‌و كه‌سایه‌تییانه‌، عومه‌ر فه‌تاح، له‌ هه‌موو خوله‌كانی سه‌رۆكایه‌تیدا چ وه‌ك سه‌رۆك یان جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت هاوكارێكی گه‌وره‌ بووه‌ له‌ رووی مادی‌و خزمه‌ت كردن به‌ مۆزه‌خانه‌ی سلێمانی، كه‌ له‌ سه‌رده‌می سه‌رۆكایه‌تی ئه‌ودا پاره‌ بۆ كڕینه‌وه‌ی خانووه‌ كۆنه‌كانی سلێمانی ته‌رخان كراوه‌‌و توانراوه‌ ١٧ خانوو له‌ رووخاندن رزگار بكرێت.
رێكخراوی ئایكۆم له‌ ساڵی ١٩٧٧ ه‌وه‌ ١٨ی ئایاری وه‌ك رۆژی جیهانیی مۆزه‌خانه‌ ده‌ست نیشان كردووه‌‌و مۆزه‌خانه‌ی سلێمانیش كه‌ به‌ یه‌كه‌م مۆزه‌خانه‌ی هه‌رێمی كوردستان‌و دووه‌می عیراق داده‌نرێت، ساڵانه‌ یادی ئه‌م رۆژه‌ ده‌كاته‌وه‌.