زانیاری شوێنەواری

مۆنيومێنتى پەيكوڵى

مۆنيومێنتى پەيكوڵى لەلاين پادشاى ساسانى نارسە (293-302/3 ز.) ييەوە بنيات نراوە، لە تەنيشت دەربەندێكى ستراتيجييەوە لە زنجيرەى قەرەداغ دا (پارێزگاى سلێمانى)، نزيكەى 100 لە باشورى شارى سلێمانييەوە. هەرچەندە لە ئێستادا ئەم دۆڵە شوێنێكى دابڕاو دێتە بەرچاو، بەڵام دەربەندى پەيكوڵى لە ڕابوردوودا لە ناوچەيەكى ستراتيجيى شانشينى ساسانى دا بووە كە وەك يەكێك دەروازە سەرەكييەكان ڕۆڵى بينيوە كە دەچوونە سەر هەرێمى ئاسۆرێستان كە گەورە شارى سەرەكيى تەيسەفونى تيادا بووە (ئێستا بووتە بەێك لە ئاوەدانييەكانى ناوچەى بەغدا).

گەورە پياوماقوڵانى شانشينى ساسانى بۆ بينينى نارسە و خواردنى سوێندى لايەنگيرى و ددان نان بە مافي پادشايەتى و شكۆيدا لە نزيك دەربەندى پەيكوڵى كۆبوونەتەوە.

"و كاتێك گەيشتينى ئاسۆرێستان، لەو شوێنەى ئەم مۆنيومێنتەى لێ دروست كرا.... فارسەكان و گەورەپياوان و پياوماقوڵان و خانەدانان و ساتراپەكان.... هەموويان پێكەوە بۆ خايانى نيكاترا هاتن بۆ بينينمان. . و لێرە هاتنە حوزوورمان، لەو شێونەى ئئەم مۆنيومێنتەى لێ دروست كرا."

(نارسە - دەقى نووسينەكەى پەيكوڵى §. 32)

وشەى بەهێزى وا لە دەقە جووت زمانەكە دا (فارسيى ناوەڕاست و پارثى) لە لايەن نارسەوە بەكار هاتوون بۆ ناساندنى مۆنيومێنتێك كە مەبەست لێى شكۆبەخشين بوو بە لەسەر تەخت دانيشتنى و ستايش كردنى ڕۆڵى خۆى وەك پارێزەرى سيستەمى بنەماڵەيى. لە پەيكوڵى، پادشاى ساسانى ژيانى بە بەرى پڕۆژەيەكى مۆنيومێنتانەى گەورە و نووسراو و وێنەكراودا كردووە كە 5 پەيكەرى نيوە لەشى پادشاشى لە خۆ گرتووە. بەشە پێكهێنەرە سەرەكييەكانى مۆنيومێنتەكە پەيامێكى بنەماڵەيى و ئايديۆلۆجييانەى بە باشى دياريكراويان گەياندووە، كە بە شێوەيەكى سەنگين و بەرچاو ڕاگەيەندراون. بە گشتى، لە درەنگوەختەكانى سەردەمى جيهانى كۆندا، پەيكوڵى و ناوچەكانى دەوروبەرى خاڵێكى تەوەريى سيستەمێكى ئاڵۆزى ڕێگاوبان بوون، كە لە لايەكەوە  ناوجەرگەى دەشتاييەكانى مێسۆپۆتاميايان بە ئيمپراتۆريى ڕۆمانييەوە دەبەستەوە و لە لايەكى تريشەوە بە ئەوديوى بانى ئێرانەوە.

بەردە نووسراوەكانى پادشا نارسە (293-302 ز.) لە بنەڕەتدا لە سەر دوو ديوارى مۆنيومێنتەكەى پەيكوڵى بوون، لايەكيان بە فارسيى ناوەڕاست و لاكەى ترى بە پارثى. ناوەڕۆكى دوو دەقەكە تاڕادەيەكى زۆر هەمان شتە و سەرگوزشتەكەى دەيگێڕنەوە دەتوانرێت بە تەواوەتى دابەش بكرێتە سەر دوو بڕگە.


پاش خستنەڕووى ناونيشانە شاهانەكانى نارسە، بەشى يەكەم ئەو ڕووداوانە دەگێڕێتەوە كە بوونە هۆى بەزينى بەهرامى سێيەم، بە وردى باس لە ئاڵوگۆڕى پەيامەكانى نێوان نێردراوەكان و نارسە دەكات و ژمارەيەك داڕشتەى مەراسيمييانەش لە خۆ دەگرێت كە بەشێك بوون لە پرۆتۆكۆلى شاهانە. پياوماقووڵان داواى يارمەتى و دەستێوەردانيان لە پادشاى ئاييندە كردووە بۆ لەكارخستنى پادشاى ناڕەوا و بە يەكجارەكى وەرگرتنى تەخت و تاج. بە پێى ديدى زەردەشتييانە بۆ جيهان، لە دەقەكەدا بەهرامى تەخت و تاج زەوتكار بە هێزەكانى شۆفارى بەراورد كراوە، بە دياريكراوى ئەهريمەنى شۆفار و دێو و درنجەكانى (دێوان dēwān )؛ كە تيايدا نارسە بە ناوى ئۆهرمەزد (خودا) و خواوەندانى تر (يەزدارن yazdān ) و ئەناهيدەوە (ماخواوەندى پەيوەست بە خێزانى ساسانييەكان و سيستەمى بنەماڵەييانەوە) لەگەڵى دەجەنگێت.

بەشى دووەم لە ليستێكى درێژ پێك هاتووە كە ناوى نێردراوانى پشتيوانى نارسەن. زمانەكەى شيرين و نەگۆڕە، شێوازە هەرە كۆنەكانى تيادا بەكار هاتووە كە ڕەگ و ڕيشەيان دەچێتەوە سەر شێوازە هەرە كۆنەكانى نەريتى سەرگوزشتە گێڕانەوەى ئێرانى.

دەقە فارسييە ناوەڕاستەكە لەسەر هەشت ڕيز بەردى نووسراوە (كە بە پيتى گەورە لە ‘A’ يەوە تا ‘H’ نيشانە كراون)، و تێكڕا 46 دێڕ نووسين پێك دەهێنن. لە كاتێكدا كە دەقە پارثييەكەى لە 43 دێڕ نووسين پێك هاتووە لەسەر حەوت ڕيز بەرد (كە بە پيتى پچووك لە ‘a’ تا ‘g’ نيشانە كراون).

جێگاى داخە كە لە كاتى ئێستادا هيچ كام لە ڕيزەكان تەواو نين و ژمارەى بەردە نووسراوەكان، ئەوانەى زانراون يان تۆمار كراون، تا 150 دەچن (90 بە فارسيى ناوەڕاست و 63 بە پارثى، بەردێكيشيان هەردوو زمانەكەى لەسەرە). 113 لەم بەردانە لەگەڵ چەند پارچەيەكدا ئێستا لە مۆزەخانەى سلێمانى پيشان دراون. توێژەرانى ئيتالى لە زانكۆى ساپيێنزا Sapienza University لە ڕۆما تا ئێستاش لە هەوڵى دەستنيشان كردنى بەردى تردان.

نارسە، كوڕە پچووكى شاپورى يەكەم لە 293 تا 302 ز. فەرمانڕەوايى كردووە، پاش ئەوەى لە شەڕە بنەماڵەييەكەى لە دژى برازازاكەى، بەهرامى سێيەم، سەركەوت. بە بەهرامى سێيەمەوە كە تەنها بۆ ماوەيەكى كورت فەرمانڕەوايى كردووە، نارسە حەوتەمين پادشاى بنەماڵەى ساسانييە. لە نووسينە درێژەكەى پەيكوڵى دا ئەو ڕووداو و بەسەرهاتانەى گێڕاوەتەوە كە ئەنجاميان تاج لەسەر نانى بوون و تيايدا ناوى چەندين گەورەپياو و خانەدانيش تۆمار كراون كە بۆ سنوورى ئاسۆرێستان هاتوون تا ملكەچييان بۆ پادشاى نوێ پيشان بدەن.لە دەقى نووسينەكەى شاپوردا لە نەقشى ڕۆستەم، نارسە نازناوى "پادشاى هيندێستان و ساگێيستان و توران تا دەگاتە كەنارى دەريا" ى لێ نراوە، لە كاتێكدا كە دواتر، ڕەنگە هەر لە سەردەمى بەهرامى يەكەمەوە بووبووە پادشاى ئەرمەنستان كە تا 293 هەر لەو پايەيەدا بوو و ئيتر ئەو كات بەرەو باشوور هات بۆ سەندنى تەخت و تاج لە برازازاكەى. لە ڕێگاى بەرەو مێسۆپۆتاميا كە لە زنجيرەكانى زاگرۆسى خواروو، نارسە لە نزيك دەربەندى پەيكوڵى، كە 100 كيلۆمەترێك لە باشورى شارى سلێمانيى ئێستاوە چاوى بەو پياوماقووڵانە كەوتووە كە لايەنگرى بوون. بنەماڵەى ساسانى، كە لە وڵاتى فارسەوە هاتوون، لە 224 ز. دا گەيشتوونەتە دەستەڵات، كاتێك كە ئەردەشيرى يەكەم پادشاى پارثى ئەردەوانى چوارەمى لە شەڕى هورموزدەگان دا شكاند و دەستەڵاتيان بەسەر بەشى هەرە گەورەى ڕۆژئاواى ئاسيادا سەپاند و بەردەوام بوو تا 651 ز. كاتێك دوايين پادشايان، يەزدەگيردى سێيەم لە مەرو مرد، پاش هەڵاتنى لە پێش سوپاى موسوڵمانان كە پێشتر دوو جار لە هەردوو شەڕى قادسيە (636 ز) و نيهاوەند (642 ز.) دا بەسەريدا سەركەوتبوون.